فێرکردنی قسە بۆ ئەو منداڵانەی پەشێوی ئۆتیزمیان هەیە و توانای قسەکردنیان نییە

هیوابەخشانە توێژەران ئەو دۆزینەوەیەیان  بڵاوکردەوە کە تێیدا ئەو ڕاستییە دووپاتکرایەوە  کە تەنانات دوای تەمەنی ٤ ساڵیش ئەو منداڵانەی پەشێوی ئۆتیزمیان هەیە و توانای قسەکردنیان نییە لە کۆتایدا دەتوانن قسەبکەن و لە ڕووی زمانەوە پێشبکەون. 

هەمیشە خیزان و مامۆستایان و کەسانی دیکە بەشوێن ئەوەوەن کە بزانن چۆن دەتوانن پەرە بە زمانی ئەو منداڵانە بدەن کە توانای قسەکردنیان نییە یاخود ئەو هەرزەکارانای پەشێوی ئۆتیزمیان هەیە. هەواڵە دڵخۆشکەرەکە ئەوەیە کە توێژینەوەکان بۆ ئەم مەبەستە چەندین ستراتیجی و ڕیگەچارەی کاریگەریان داناوە. 

بەڵام پێش ئەوەی ئاماژە بە سەرەکیترین خاڵەکان بدەین، زۆر گرنگە کە لە یادمان نەچێت کە هەر کەسێکی تووشبوو بە پەشێوی ئۆتیزم تایبەتمەندی خۆی هەیە و بێ وێنەیە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو ستراتیجی و ڕێگەچارەیەی بۆ منداڵێکی تووشبوو بە پەشێوی ئۆتیزم بەسوودە دەشێت سوودی نەبێت بۆ منداڵێکی دیکە و بێ ئەنژام بێت. هەروەها هەموو کەسێکی تووشبوو بە ئۆتیزم دەتوانێت فێری چۆنێتی بەستنی پەیوەندی ببێت بەڵام مەرج نییە ئەم پەیوەندی بەستنە لە ڕێگەی ئاخاوتنەوە بێت. ئەو کەسانەی پەشێوی ئۆتیزمیان هەیە و توانای قسەکردنیان نییە گەلێک شتی باشیان هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵگادا بەشی بکەن، بە بەکارهێنان و سوودوەرگرتن لە وێنە ڕوونکردنەوەییەکان و تەکنەلۆجیا و ئامڕازە پاڵپشتیکەرەکان دەتوانن ژیانێکی تەواو و شایستە بژین. 

ئەمەش گرنگترتن حەوت ستراتیژییەکەمانە بۆ پەرەدان بە لایەنی ئاخاوتن و پێشخستنی زمانی ئەو منداڵانەی توانای قسەکردنیان نییە و ئەو هەرزەکارانای پەشێوی ئۆتیزمیان هەیە: 

١-  هاندانی یاریکردن  و بەرکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان: منداڵان لە ڕیگەی گەمە و یارکردنەوە شت فێردەبن و فێربوونی زمانیش لەمە بەدەر نییە. یاریکردن لەگەڵ منداڵەکەتدا دەرفەتی ئەوەت بۆ دەڕەخسێنێت کاتێکی خۆش لەگەڵ منداڵەکەت ببەتەسەر و پەیوەندییەکی باشت هەبێت لەگەڵیدا. چەندین یاری جۆراوجۆر تاقی بکەرەوە تا بتوانی ئەو یاریانە بدۆزیتەوە کە منداڵەکەت چێژی لێ دەبینێت و هەروەها ئەو یاری و چالاکیانە ئەجام بدە کە پەرەدەدەن بە پەیوەندی و بەرکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان. بۆ نموونە گۆرانی گوتن، گوتنەوەی گۆرانیەکانی دایانگە و یاریکردن. لەکاتی بەرکەوتن لەگەڵ منداڵەکەتدا، نزیک بە لێوەی تا بتوانێت زۆر بە ئاسانی بتبینێت و گوێی لێت بێت. 

٢- لاسایکردنەوەی منداڵاکەت: لاسایکردنەوەی دەنگ و هەڵسەکەوت و شێوازی یاریکردنی منداڵەکەت زیاتر هانی منداڵەکەت دەدات قسە بکات و پەیوەندی ببەستێت. وە هەروەها هانیشی دەدات تا لاسای تۆ بکاتەوە و هەمان شت ئەنجام بداتەوە. بە وریاییەوە  لاسای یاری و هەڵسوکەوتی منداڵەکەت بکەرەوە بۆ ئەوەی ئاگاداری ئەوە بیت کە نەبا هەڵسوکەوتێکی نەرێنیانە دوپات بکەیتەوە. بۆ نموونە کاتێک منداڵەکەت گەمەی ئۆتۆمبێل دەکات تۆش هەمان کار بکەرەوە. وە ئەگەر ئۆتۆمبێلەکانی پێکدا کێشا تۆش هەمان کار دووبارە بکەروە، بەڵام گەر ئۆتۆمبێلەکانی هەڵدا و فڕێیدان تۆ ئەم کارە دووبارە مەکەرەوە! 

٣- گرنگی بدە بەو پەیوەندیانەی کە ئاخاوتن لەخۆناگرێت: زمانی جەستە و جوڵەی چاوەکان و بەکارهێنانی ئاماژە  بنا‌غەی زمان بونیاد دەنێن. هانی منداڵەکەت بدە بە بەکارهێنانی ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە. زیادەڕۆی بکە لە بەکارهێنانی زمانی جەستە و ئاماژەکاندا. ئاستی بەرزی و نزمی دەنگت و زمانی جەستەت پێکەوە بەکاربهێنە کاتێک قسە لەگەڵ منداڵەکەتدا دەکەیت، بۆ نموونە کاتێک دەڵێیت (تەماشابکە) دەستت درێژ بکە و ئاماژە بەو خاڵە بدە کە دەتەوێت تەماشای بکات. وە سەرت بە شێوازی ئەرێنی ڕابوەشێنە کاتێک دەڵێیت (بەڵێ). ئەو ئاماژانە بەکاربهێنە کە ئاسانن و منداڵەکەت دەتوانێت بە ئاسانی دوبارەیان بکاتەوە. وەک چەپڵە لێدان، کردنەوەی دەستاکان، دەست درێژکردن… هتد. هەروەها بە زووی وەڵامی ئاماژەکانی منداڵەکەت بدەرەوە، بۆ نموونە کاتێک تەماشای یارییەک دەکات یاخود ئاماژەی بۆ دەکات بیدەرە دەستی یان لە ئاماژەکەی تێبگە کە دەیەوێت پێت بڵی یاری پێ بکە. هەروەها تۆش هەمان کار ئەنجام بدە، پێش ئەوەی ئەو یاریە هەڵبگریت کە دەتەوێت ئاماژەی پێ بدە. 

٤- بوار بدە بە منداڵەکەت بۆ ئەوەی قسە بکات: ئاساییە گەر هەست بەوە بکەی کە پێویستە بەردەوامی بە گفتوگۆکە بدەیت و قسە بکەیت کاتێک منداڵەکە دەستبەجێ وەڵامدانەوەی نەبێت. بەڵام زۆر گرنگە کە چەندەها جار بوار بڕەخسێنیت بۆ منداڵەکەت تا بئاخڤێت ئەگەر چی منداڵەکە هیچ قسەیەکیش نەکات. کاتێک پرسیارێک دەکەیت یاخود دەبینیت منداڵەکەت شتێکی دەوێت، چەند خولەکێک بۆستە و بەچاوەڕوانییەوە لە منداڵەکەت بڕوانە. ئاگاداری هەر جۆرە دەنگێک یاخود جوڵەیەکی جەستەی بە و ڕاستەوخۆ وەڵامی بدەرەوە. خێرای وەڵامدانەوەکەی تۆ وا لە منداڵەکە دەکات هەست بە بەهێزی پەیوەندی بەستن بکات. 

٥- زمانت سادەبکەرەوە: سادەکردنەوەی زمانت وادەکات منداڵەکەت دوای قسەکانی تۆ بکەوێت. وە هەروەها ئاسانتریش دەبێت بۆی کە وتە و قسەکانی تۆ دووبارە بکاتەوە. گەر منداڵەکەت توانای قسەکردنی نییە، ئەوا هەوڵبدە وشە وشە لەگەڵیدا بدوێیت (گەر بە تۆپ یاریکرد تۆ تەنها وشەی “تۆپ” یاخود “هەڵیدە” بەکاربهێنە). وە  ئەگەر منداڵەکەت تەنها وشە وشە قسە دەکات، ئەوا هەنگاوێک زیاتر بچۆرە پێشەوە و ڕستە وگرێی سادە و کورت بەکار بهێنە. بۆ نموونە (تۆپەکە هەڵبدە) یان (تۆپەکە فڕیبدە).  یاسای “هەنگاوێک لە پێشتر” بەکاربهێنە لەگەڵ منداڵەکەتدا، بە گشتی ڕستەکانی تۆ با وشەیەک زیاتر بێت بە بەراورد بە ڕستەکانی منداڵەکەت. 

٦- دوای خولیا و حەزی منداڵەکەت بکەوە: لە جیاتی ئەوەی بیر و هۆشی منداڵەکەت پەرت بکەیت، هوڵبدە بە وشە لەگەڵیدا بەردەوام بە. بە بەکارهێنانی یاسای “هەنگاوێک لەپێشتر” ئەو کارانە بڵێ کە منداڵەکەت ئەنجامیان دەدات. گەر منداڵەکەت یاری بە میکانۆ و قاڵب دەکات، دەتوانی وشەی “کردنە نێو” بڵێیت کاتێک منداڵەکە میکانۆکەی یان شێوە ئەندازەییەکە دەکاتە نێو قاڵبەکەوە. دەکرێت بڵێی “شێوە” کاتێک ئەو شێوەیەی دروستی کردوە هەڵیدەگرێت، و دەتوانیت بڵێی “تێکدانی شێوە” کاتێک منداڵاکەت شێوەکە تێکدەدات بۆ ئەوەی سەرلەنوێ درووستی بکاتەوە. بە باسکردن لەو شتانەی منداڵەکەت ئارەزوویان دەکات دەتوانی یارمەتی بدەیت فێری ئەو وشانە ببێت کە پەیوەندی بە حەز و خولیاکانی خۆیەوە هەیە. 

٧- ڕەچاوی ئامڕاز و ئامێرەکانی هاوکاری و وێنە ڕوونکردنەوەییەکان بکە: ئامڕاز و تەکنەلۆجیای هاوکار و وێنە ڕوونکردنەوەییەکان دەکرێت گەلێ کاریگەرتربن لە قسەکردن لەگەڵ مندالەکەتدا. دەکرێت ببنە هۆکارێک بۆ پەرەپێدان و پێشخستن. بۆ نموونە ئەو ئامێرە هۆشمەند و بەرنامانەی کە وێنەی تێدایە و کاتێک مداڵەکەت پەنجەی پێدا دەنێت گوێبیستی وشە و ناوی شتەکان دەبێت. یاخود بە شێوەیەکی سادەتر، بە سوود وەرگرتن لە وێنە ڕوونکردنەوەییەکان کە وێنەیەک یان کۆمەڵە وێنەیەک لەخۆدەگرن، منداڵەکەت دەتوانێت داواکارییەکەی دەستنیشان بکات یان گوزارشت لە بیروبۆچوونەکانی بکات. 

Leave a comment

Design a site like this with WordPress.com
Get started